دوو مامۆستای کورد بە ناوەکانی مامۆستا مەلا “دوکتور سەلام مەحموودیان” پێشنوێژی گوندی “بێورانی خواروو” و مامۆستامەلا “حەسەن خزری” پێشنوێژی گوندی “بێورانی سەروو” سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی ورمێ، بە دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و دانی ٢٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی حوکم دران.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم دوو مامۆستایە، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕی ئەمساڵ بەڕێوە چوو و حوکمی دادگای سەرەتایییان پێ ڕاگەیەندراوە.
ئەم دوو مامۆستا کوردە بەهۆی پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژینا و بنەماڵەی گیانبەختکردووان و سەرکۆنەکردنی کوشتنی کۆڵبەران، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی سەردەشتەوە بانگ کراون و خراونەتە ژێر گوشارەوە.