چاونیوز: لە شاری پیرانشار چالاکانی ژینگەپارێزی باڵەندەکانی ئەو شارەیان لە بیر نەکردوە و هێلانە و خواردنیان بۆ دابین کردن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ١٣٩٩، چالاکانی ژینگەدۆستی شاری پیرانشار لە پارکی “تێرمیناڵ” چوون بە هانای باڵەندەکانەوە و لەم وەرزی سەرما و سۆڵەیەدا دان و هێلانەیان بۆ دابین کرد.
لە ئێستادا کە وەرزی سەرمایە و وڵات بەفر دایگرتووە، ژیانی باڵەندەکان قورستر دەبێ و پێویستییان بە دان و هێلانەیە، هەر بۆیە ژینگەپارێزانی ئەو شارە لەسەر ئەرکی خۆیان هەستان بە دابینکردنی هێلانە بۆ بالەندەکانی نێو پارکی “تێرمیناڵ” کە لەم وەرزەدا کارێکی زۆر باش و بەجێیە و وەکوو نەریتی خەڵکی کوردستان چاوی لێدەکرێ.
چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان بەردەوام کاری باش و جوانیان کردوە بە تایبەت لەم وەرزی سەرما و سۆڵەیەدا باڵەندەکانیشیان لە بیر نەکردووە و بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە کە ئاژەڵە کێوییەکانیش لەم وەرزە ساردەدا لە بیر نەکەن و خواردنیان بۆ دابین دەکەن.