ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٤، “سەفا عائیلی” خاڵی “ژینا ئەمینی”، لە حاڵێکدا لەگەڵ بنەماڵەکەی ویستوویەتی بە ماشین لە شار دەربچێت، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: سەفا عائیلی خاڵی بچووکی ژینا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و لەدووناردن دەسبەسەر و دوای چەند کاتژمێر بە تەلەفۆن بنەماڵەکەیان ئاگادار کردووەتەوە کە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.
ناوبراو دوای گەڕانەوەی لە ئاڵمان، لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز بە ١٠ مانگ بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو و ئەم حوکمە لەلایەن لقی ١٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “کەرەمی” وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. سەفا هاوینی ساڵی ڕابردوو لە ئاڵمان ببووە پەنابەر و دوای نزیکەی سێ مانگ گەڕابووەوە ئێران.
ئەم هاونیشتمانییە ٣١ ساڵەیە، پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات لە سەقز دەسبەسەر و ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و دووسەد ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرابوو.
سەفا عائیلی هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر “جەواد مستەفایی”، بە تۆمەتی “بەشداری لە کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئاسایشی نێوخۆیی” بە ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی تەعزیری، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام” بە ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی “بێڕێزیکردن بە خامنەیی” بە ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکران و بە گشتی بە ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو.