بەیانیی ڕۆژی شەممە ١٨ی گەلاوێژ، “یەزدان خەزایی” برای “عیرفان خەزایی”، لە شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا، لە حاڵێکدا بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی باوکی دەکرد، لە دادگای شۆڕشی شاری شەهریار، دەسبەسەر کرا.
لە ڕەوتی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی “ئێحسان خەزایی” (نهۆمی سەرەوەی ماڵی باوک و دایکی عیرفان)، هێزە ئەمنییەکان ئێحسان و هاوسەرەکەشیان دەسبەسەر کردبوو کە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کران. هەمان کات، یەزدان خەزایی و دایکیشی لەگەڵ ئێحسان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشیان کرایە سەر و لێیان درا.
ئەم ئەندامانەی بنەماڵەی دادخوازەکان، پێشتریش چەندین جار بانگ و لێپرسینەوەیان لێ کرابوو.
عیرفان خەزایی ٣٠ ساڵە، ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینا لە شاری شەهریاری پارێزگای تاران، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران، کوژرا.





