رۆژی دووشەممە، ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٤، خەبات ئەمینی، چالاکوانی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی سنە، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە بەرفراوانەکەی کێوی ئاویەر تووشی سووتانی سەخت بووبوو، دوای چوار ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکانی و رێژەی زۆری سووتانەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەڕێز ئەمینی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی گەلاوێژ، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هێزە خۆبەخشە جەماوەرییەکان و چالاکوانانی ژینگەپارێز، بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە چوونە ناوچەکە. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تووشی سووتانی سەخت بوو و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گواسترایەوە. سەرەڕای هەوڵی ستافی پزیشکی، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
پێشتریش لە هەمان ئاگرکەوتنەوەدا، حەمید مورادی و چیاکۆ یوسفینژاد گیانیان لەدەستدابوو. سەرەڕای ئەوەش، چەند چالاکوانێکی دیکەی مەدەنی و ژینگەپارێز بە ناوەکانی موحسن حوسێنیپەناهی و سەیدمستەفا هژیر بە سەختی تووشی سووتان و برین بوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
دوای ڕاگەیاندنی گیان لەدەستدانی ئەم سێ هاووڵاتییە دڵسۆز و چالاکوانەی ژینگە، بە بەشداری هەزاران کەس لە هاووڵاتییان، بنەماڵە، چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێز، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیان بە سروودی نیشتمانی و دروشمگەلێک وەک “شەهید نامرێ”، “تا کوردێک مابێ، کوردستان هەر دەمێنێ”، “کوردستان گۆڕستانی فاشیستان” و “داگیرکەری ئێرانی، تۆ قاتڵی ڕۆڵەکانمانی” بەڕێوەچوو.






