چاونیوز: کرێکارێکی کورد لە کاتی کارکردندا، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی گیانی لە دەست دا.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەزبەر، کرێکارێکی کورد بە ناوی ڕەحمان سەعیدی، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، خەڵکی گوندی “باوان” سەربە ناوچەی سۆمای برادۆست، لە کاتی کارکردندا لە گەڕەکی گوڵشەهری ورمێ، لە بەرزایی بەر بووەتەوە و گیانی لە دەست داوە.
گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوونی کرێکاران لە ئێران و کوردستان، یەکێک لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانە کە بە هۆی نەبوونی کەرەستەی خۆپاراستن و بەستێنی کاری ستاندارد لە ئێران و کوردستان ڕوو دەدەن و هیچ بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئەم ڕووداوانە هەڵگری بەرپرسایەتی و وڵامدانەوە نییە.





