دوو کرێکار لە شاری بۆکان و سەردەشت لە کاتی کارکردندا بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ۱۰ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، وەستاکارێک بە ناوی “موحسین کاکەڕەشی” خەڵکی شاری بۆکان بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە کرێن لە کارگەیەکی شاری پیشەسازی بۆکان گیانی لەدەستدا. موحسین کاکەڕەشی تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندارە و باوکی دوو منداڵ بوو.
هەروەها ڕۆژی هەینی ۹ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، کرێکارێکی دیکە بە ناوی “یوسف عوسمانی” خەڵکی گوندی “دەرمانئاوا”ی سەر بە شاری سەردەشت بەهۆی کەوتنە خوارەوە بۆ ناوچاڵ لە کاتی کارکردندا گیانی لەدەستدا. یوسف عوسمانی تەمەن ٥٠ ساڵ خێزاندارە و باوکی دوو منداڵ بوو.





