چاونیوز: چالاکانی مەدەنی و کرێکاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەڕووی حوکمی نایاسایی و ناڕەوای ناوەندە قەزایییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبنەوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە ڕۆژانی ڕابردوو، ڕەزا دهقانی، خەڵکی دزەجی قوروە، لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای قوروە و قازی هادی خانییەوە، لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی سەرماوەزی ١٤٠٤، بە ساڵیک زیندان و ٤١ قامچی مەحکووم کراوە.
هەروەها چالاکێکی کرێکاری و سیاسی، بە ناوی ئیبراهیم ڕەحمانپوور، خەڵکی نەغەدە، لەلایەن ناوەندە قەزایییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە بیانووی چالاکی سیاسی و کرێکارییەوە بە ٣٨ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.
دەسبەسەرکردن و دەرکردنی حوکمی ناڕەوا و نایاسایی بۆ چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ژنان و کرێکاران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و قەزایییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو هەمیشە بەردەوامە و ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئەمە نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.





