چاونیوز: دوو هاووڵاتیی کورد لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کران.
بەپێی هەواڵەکانی بەردەست، “کامران سوڵتانی”، خەڵکی بۆکان، لە دەسبەسەرکراوانی ڕاپەڕینی ژینا، لە ڕۆژانی ڕابردوو بۆ تێپەڕاندنی حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری ڕەوانەی بەندیخانەی بۆکان کرا.
ئەم هاووڵاتییە کە ٨ی ڕەشەممەی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندیی لەگەڵ “ڕاپەڕینی ژینا” دەسبەسەر کرا، ماوەی سێ مانگ لە ئیتلاعاتی ورمێ بۆ دانپێدانان لەژێر ئەشکەنجەدا بوو و دواتر لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٢درایە بەندیخانەی بۆکان و پاش دوو ساڵ بەندکرانی لە ١٤٠٤ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە لە کۆتایییەکانی ڕێبەندانی ١٤٠٤ لەگەڵ هەشت کەسی دیکە پێڕاگەیشتنی بۆ کرا و بە تاوانی “کۆبوونەوە و ڕێکخستن بەدژی ئاسایشی وڵات” بە ٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری مەحکووم کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خەزەڵوەر، “مەتین فەرامەرزی”، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، کە لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٥، لە پارکی شێخ شەڵتووت لە مەهاباد دەسبەسەر کرابوو و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی سەلمێندراو، لەلایەن دادگای گشتی و ئینقلابی مەهابادەوە، بە تاوانی “بانگەشە بە دژی حکوومەت”، ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری بە سەردا سەپاوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازراوەتەوە.





