بەهاری ئەمساڵ (١٤٠٤) لە کاتێکدا تێپەڕی کە، بە پشتبەستن بە ناوەندی ئاماری؛ “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” (چاونیوز)”، لانیکەم ٨٠٠ حاڵەتی پێشێلکاریی ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و دەزگای دادوەرییەوە ئەنجام دراوە. هەروەها بەهۆی هێرشەکانی سپای ئیسرائیل بۆسەر ناوچەی نیزامی، ئەمنیەتی و بنکەکانی ئەتۆمی ئێران لە ٢٣ی جۆزەردانەوە، شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانییان لە کوردستان دەستی پێکردووە کە بەهۆی پچڕانی ئەنتێرنێت و کەشی ئەمنییەتی کۆمەڵگە، بە تەواوەتی نەمانتوانیوە ناوی سەرجەم هاونیشتمانیان ئاشکرا بکەین و تەنیا ئاماژەمان بە ژمارەکان کردووە.
بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری؛ “ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)”؛ لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی (وەرزی بەهار)، لانیکەم ١٢٥ چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیی ئاسایی بە تۆمەتی چالاکیی دژی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ١٤٠٣ی هەتاویشدا بە گشتی، ٥٨٤ هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون. سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش؛ “حەمیدڕەزا کەریمی”، داواکاری گشتی و شۆڕشی پارێزگای کرماشان، ڕایگەیاند؛ لە ماوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران (ماوەی ١٢ ڕۆژ)، هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا ١١٥ کەسیان بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات” و “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” دەستبەسەر کردووە، کە لانیکەم یەکێکیان هاووڵاتییەکی ئەورووپی بووە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامە و چارەنووسی ئەو ١١٥ هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لە زۆربەی شارەکانی دیکە کوردستانیش دەیان هاونیشتمانی بانگ کراون، لێپرسینەوەیان لێکراوە و هەڕەشەیان لێکراوە، تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا ئەو کەسانەی لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنە یان پۆستێکیان لەسەر ئەم شەڕە و شکانی نیزام داناوە یان خۆشحاڵ بوونیان دەربڕیوە دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو کەسانە لەبەر دەست دانییە.
هەروەها بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستی “چاونیوز” گەیشتوون و پشتڕاست کراونەتەوە، لانیکەم ١٥ کۆڵبەر و کاسبکار بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەقینەوەی مین، سەرمابردوویی، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی یان ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە یان بریندار بوون، کە لەو ژمارەیە ١٠ کەسیان بە ناسنامەی تەواوەوە شوناسیان پشتڕاست کراوەتەوە کە ٥ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٥ کەسی دیکەش بریندار بوونە. جێی ئاماژەیە کە؛ ژمارەی کۆڵبەرە قوربانییەکان بە گشتی لە ساڵی ڕابردووی ١٤٠٣دا لانیکەم ١٢٤ کەس بووە، کە ٤٨ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و ٧٦ کۆڵبەریش بریندار بوونە.
لەم ماوەیەدا هەروەها، ٣٩ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران و کوردستاندا لەسێدارە دراون. لەم ژمارەیە لانیکەم هاووڵاتییەک بە ناوی “حەمید حوسێننژاد حەیدەرانلوو” بە تاوانی چالاکیی سیاسی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی زیندانییە لەسێدارەدراوەکان بە گشتی لە ساڵی ١٤٠٣دا، لانیکەم ١٢٦ زیندانی بووە.
هەروەها لە ماوەی سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا، لە ١٢ حاڵەتی تەقینەوەی مین یان تەقەمەنیی بەجێماو لە شەڕی ئێران و عێراق، پێنج کەس لە ئەندامانی سپا و هێزی سنووری گیانیان لەدەست داوە. جێی ئاماژەیە کە، بە گشتی لە ساڵی ١٤٠٣دا لانیکەم ٢١ کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە کوژراون یان بریندار بوون.
هەروەها پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە:
- هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، سەدان هاووڵاتیی کورد کە پێکدێن لە چالاکانی فەرهەنگی، مەدەنی، ئەدەبی، زمانی، ژنان، منداڵان، هونەرمەندان، مامۆستایانی ئایینی، بازاڕیان، فەرهەنگییان و… لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، بەهۆی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت، لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە.
- ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوە، ١٢ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بە ناوەکانی؛ “مەتین جەعفەری، پژمان جەعفەری، سینا خەلیانی، یووسف قەلەندەری، یووسف عەلیڕەزایی، میلاد عەبدولزادە، مەتین عەبدولزادە، ژێهات عەلیڕەزایی، فەیسەڵ عەلیڕەزایی، مانی تەوارە، فەرزین خویی و ئاکام قوربانتاج” خەڵکی گوندی “نەناس” سەر بە شاری ورمێ، پەیوەست بە ئاهەنگ و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پادگانی گوندی “زێوە” لە مەرگەوەڕ بانگهێشت کران و لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کرا.وە
- لە ڕێکەوتی ٩ی خاکەلێوە، “محەممەد حوسێنزادە”، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ورمێ، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارەدا، گیانی لەدەست دا.
- لە ڕێکەوتی ١٤ی گوڵان، “ناسر ڕەزایی، وەحید چاوران و محەممەدحەسەن حاسڵی”، سێ زیندانیی سیاسیی کورد کە لە زیندانی ناوەندیی ئیلام بەند کرابوون، بۆ زیندانەکانی کرمان، زاهیدان و وەکیلئابادی مەشهەد دوور خرانەوە. ئەم سێ زیندانییە لە کاتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرابوون و پاشان هەر یەکەیان سزای ١٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو.
- لە ڕێکەوتی ١٥ی گوڵان، مامۆستا “حەسەن خزری” و مامۆستا دکتۆر “سەلام مەحموودیان”، دوو چالاکی ئایینیی کوردی سوننە و پێشنوێژی مزگەوتی گوندەکانی دەوروبەری سەردەشت، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێوە، هەر یەکەیان سزای دوو ساڵ زیندان و پێبژاردنی نەغدییان بەسەردا سەپێنرا.
- لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردان، زیندانییەکی کورد خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی “ڕەزا مەلەکی”، بەهۆی نەخۆشی و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج گیانی لەدەست دا.
- لە ڕێکەوتی ٩ی جۆزەردان، دوو سەرباز بە ناوەکانی “ڕەزا حوڕییەتپەسەند و سوهەیب عەزیزی” لە کاتی بەسەربردنی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێدا، بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان کوژران و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
- “مەجید دەریایی” هاونیشتمانی تەمەنی ٦٣ ساڵەی خەڵکی شنۆ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی ئەم شارە بە تۆمەتی “چالاکیی تەبلیغی لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت”، بە ساڵێک بەندی تەعزیری حوکم درا.
- لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان، “سەرمەد سەجادی”، منداڵێکی ٩ مانگە خەڵکی مەریوان، بەهۆی بەرکەوتنی پارچەی گوللـەی پەدافەندی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی هێرشەکانی سپای ئیسرائیلدا کوژرا. هەروەها لوقمان سەجادی، باوکی ئەم منداڵە، پەنجە گەورەی دەستی لەدەست دا.
“ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران (چاونیوز)” ڕایدەگەیەنێت کە؛ ئەم ئامار و زانیارییانەی کە سەبارەت بە پێشێلکاریی ئاشکرای مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران بڵاو دەکرێنەوە، تەنیا ئەو بەشە لە حاڵەتەکان دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکانیان ئاشکرا بوون و به میدیایی کراون و لەلایەن سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە ئاماژەیان پێ کراوە. بۆیە ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە، ئاماری ورد و دروست سەبارەت بە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستان لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، زۆر لەو ئامارانە زیاترە کە ڕادەگەیەندرێن.