سارینا ڕۆستەمی، مێرمناڵی تەمەن ۱٦ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵیزەهاو لە پارێزگای کرماشان، بە دەستی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە “چەکی گەرم” گیانی لێ ئەستێنرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ۲٨ی ڕەزبەری ۱٤۰٤، سارینا ڕۆستەمی، تەمەن ١٦ ساڵ، پاش برینداربوونی بەهۆی تەقەکردن لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بۆ نەخۆشخانەیەکی سەرپێڵیزەهاو، گوازرایەوە کە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دوای چەند کاتژمێر مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری ئەنجامدانی ئەو جنایەتە، دژایەتیی ناوبراو بووە لەگەڵ “هاوسەرگیری زۆرەملێ” و تێکدانی ڕێوڕەسمی مارەبڕینەکەی.





