چاونیوز: بە هۆی کەمتەرخەمیی خاوەنکاران و هەروەها نەبوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی گیانی کرێکاران، ساڵانە چەندین کرێکار لە کاتی کاردا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.
بەپێی ئەو هەواڵەی کە بە چاونیوز گەیشتووە، ڕۆژی ٦ی خەرمانان، لە شاری مەریوان، کرێکارێکی ئارماتۆربەند، بە ناوی “کاوە ئێرانیپوور”، لە کاتی کارکردندا، بە هۆی بەربوونەوەی ئاسنی قورس بەسەر سەریدا، بریندار دەبێت و دەچێتە نێو حاڵەتی کۆماوە.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان، ئەم کەسە دەبوو خێرا بە هەلیکۆپتێر بەرەو نەخۆشخانەی شاری سنە ڕەوانە بکرایە کە بە هۆی نەبوونی هەلیکۆپتێر گواستنەوەی ناوبراو لە کاتی خۆیدا جێبەجێ نەکراوە و ئەم درەنگبوونە بووە هۆی ئەوەی کە لە کاتی خۆیدا چارەسەر وەرنەگرێت و لە ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی خەرمانان گیانی لە دەست بدات.
هەروەها لەم پێوەندییەدا، کرێکارێکی دیکەی خەڵکی بۆکان، بە ناوی “واحید خەزریان” خێزاندار و خاوەن سێ منداڵ، لە کاتی جۆشکاری بیناییەکی چەند نهۆمی، لە شاری هەولێر، بەر دەبێتەوە و گیانی لە دەست دەدات.
ساڵانە بە هۆی کەمتەرخەمیی و نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران، دەیان کرێکاری کورد یان تووشی کەمئەندامی و لەدەستدانی بەشێک لە جەستەیان دەبن یان گیانیان لە دەست دەدەن.





