سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی “ئەلەک” سەر بە ناوچەی کامێران بە ناوی “محەممەد دەشتی” لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەد دەشتی باوکی دوو منداڵ و تەمەن ۳٦ ساڵە ، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەبێ پێبوونی بەڵگەی قەزایی، بە توندوتیژی دەسبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
محەممەد دەشتی پێشتریش لەسەر چالاکییەکانی دەسبەسەر کرابوو و سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو. دوای کێشانی ماوەی بەندکرانەی لە زیندان ئازاد کرابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەو ڕۆژە هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ڕامین محەممەدی خەڵکی گوندی “ئەلەک” سەر بە ناوچەی کامێران، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر کراوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتان دراونە پاڵ محەممەد دەشتی، لەبەردەستدا نییە.





