لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، “کامران ساختمانگەر”، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئەم شارە، بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام”، بە سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری و دانی سی ملیۆن تمەن سزای نەغدی، حوکم درا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگەکانی سنە، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا و ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ناوبراو لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، لە ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١یش، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و لە کۆتاییدا ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەشەمە، دوای ١٤٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.





