بە دەرکەوتنی ناسنامەی دوو هاونیشتمانی دیکە، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شنۆ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گەیشتە پێنج کەس.
بەرەبەیانی چوارشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤، دوو هاونیشتمانی خەڵکی گوندی «سەرگیز»ی سەر بە شاری #شنۆ بە ناوەکانی «مەحموود قادری و مەنسوور فەڕاش» لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە وتی؛ هەشت ئۆتۆمبێلی تایبەتیی پلاک شەخسی بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و دەستبەسەریان کردوون.
ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: هەروەها ئەو هێزانە دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی تایبەتییاندا گرتووە، لەوانە مۆبایلەکانیان و وێڕای ئەم دوو کەسە بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگرتن، هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە وەپاڵخراوەکان و چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
پێشتریش ناوەندی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران هەواڵی دەستبەسەرکرانی سێ هاووڵاتیی دیکەی ئەو شارەی بە ناوەکانی «حەسەن شاداب، کاوە خاکینەهاد و جەماڵ حوسێننژاد» ڕاگەیاندبوو.





