چاونیوز: بنەماڵە دادخوازەکانی مەڵەکشا، لە ڕاگەیندراوێکدا داوای سزای ئەو کەسانەیان کردووە کە خوێنی ڕۆڵەی ئەوانی ڕشتووە.
بەپێی نامەیەک کە بە چاونیوز گەیشتووە، بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری مەڵەکشا، سەربە پارێزگای ئیلام، گیانیان لەدەست داوە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێکی فەرمی، داوای ڕوونبوونەوەی ڕاستی، وڵامدانەوەی بکەران و جێبەجێکەرانی تەقەکردن و بەدواداچوونی یاسایی ئەم دۆسیەیان کردووە.
ئەم ڕاگەیندراوە کە لە ڕێکەوتی ١٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بڵاو بووەتەوە و ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانییەکان واژۆیان کردووە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە تەقەکردن لە هاوڵاتییانی ناڕازی لە نێو بینای سپای مەڵەکشا ئەنجام دراوە و ئەم بابەتە بە بەڵگە، وێنەوە بەردەستە و نکۆڵی لێ ناکرێت.
بنەماڵە دادخوازەکان، لەم ڕاگەیندراوەدا ڕایانگەیاندووە، کە ئامانجیان گەیشتن بە ڕاستی و جێبەجێکردنی دادپەروەرییە لە ڕێگە یاساییەکانەوە، و ئەگەر لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی نێوخۆدا بەربەست دروست بکرێت، بەدواداچوونی دۆسیەکە لە ڕێگە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانەوە درێژەی پێ دەدرێت.
شایانی باسە، کە لە کۆتاییی ڕاگەیندراوەکەدا، واژۆکەران جەختیان لەسەر بەردەوامبوون و پێداگریی لەسەر دادخوازی و حەق کردووەتەوە.





