ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، “ئەیووب داربەرزین”، ڕاهێنەری لەشجوانیی خەڵکی مەریوان، دوای بانگکردنی بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئەم شارە، دەسبەسەر و دواتر بۆ شوێنێکی نادیا ڕاگوێزرا.
لەمبارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی گوت: ئەیووب داربەرزین ٣٥ ساڵە، چەند کاتژمێر دوای بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک لە ئینستاگرامی خۆی سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بە شێوەی تەلەفۆنی بانگ و دواتر دەسبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: وێڕای تێپەڕینی پێنج ڕۆژ، هێشتا لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم وەرزشوانە، لەبەر دەستدا نییە.





