چاونیوز: ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی ورمێ، چوار مامۆستای خەڵکی شاری پیرانشار بەناوەکانی مامۆستا مەلا “شەریف محەممەدپوور”، مامۆستا مەلا “سلێمان ئەحمەدی”، مامۆستا مەلا سەید”جەماڵەدین واژی” و مامۆستا مەلا “یوونس نەوخا”یان بانگ کرد و سزای سەرجەم ١٣٢ مانگ زیندانیان پێ ڕاگەیاندن.
بە پێی ئەم حوکمە، مامۆستا “یوونس نەوخا” سێ ساڵ، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی چوار ساڵ، مامۆستا شەریف محەممەدپوور دوو ساڵ و مامۆستا جەماڵەدین واژی دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
ئەو مامۆستایانە بە “هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی، بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، واژۆکردنی بەیانییەی مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لە پشتیوانی لە شۆڕشی ژینا و بەشداری لە خۆپیشاندانەکان”، تۆمەتبار کراون.
ئەو چوار کەسایەتییە ئۆلییەی کوردستان پێشتر لە ڕەوتی ڕاپەڕینی #ژنژیانئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.