چاونیوز: بەشێکی بەرچاو لە دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، بەدەم بانگەوازی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون و دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە ماڵپەڕی هەواڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەو زانیارییانەی بە دەستی “چاونیوز” گەیشتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٥ی خەرمانان، بە بۆنەی ساڵیادی کوشتنی “ژینا ئەمینی” و سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینا، لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا پاش ئەوەی کە لەلایەن “هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانەوە” ئەم ڕۆژە وەک مانگرتنی سەرتاسەریی دیاری کرا، خەڵک بە دەم ئەم بانگەوازەوە هاتوون و دووکان و بازاڕەکانیان داخستووە.
بەپێی ئەم زانیارییانە هەتا ئێستە، لە شارەکانی: “سنە، دیواندەرە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، مەریوان، پیرانشار، کامێران، شارۆچکەی گوێگتەپە (سەربە مەهاباد) و هەروەها بناو” مانگرتن بەڕێوە دەچێت و دووکان و بازاڕەکان داخراون.
بەپێی وتەی شایەتحاڵان سەرەڕای گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان، خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو پێشوازییان لە ڕاگەیندراوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بۆ جارێکی دیکە “نا”یەکی بەهێزییان بە کۆماری ئیسلامی پیشان دا.





