ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، “وەهاب محەممەدپوور” خەڵکی شاری پیرانشار لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.
لە هەمانکاتدا دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “ڕەئوف فەخری” و “ڕەحیم ڕەحمانی” لەو شاردا دەسبەسەر کران.
بە پێی ڕاپۆرتی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤، “وەهاب محەممەدپوور”، لە بەندکراوانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە پیرانشار دەسبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزەکانی ئیتلاعات بە هێرشکردن بۆ سەر ماڵی محەممەدئەمین فەڕوخی و شکاندنی درگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان، وەهاب محەممەدپووریان لەگەڵ ڕەئوف فەڕوخی خاڵی ناوبراو دەسبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیلاعات لە ورمێ گوازرانەوە.
شایانی باسە کە لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە دەیان کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پیرانشار بە بەکارهێنانی درۆن هەوڵی شکاندی درگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان داوە و ترس و دڵەڕاوکێیان خستۆتە نێو ئەندامانی ئەو بنەماڵانە.
وەهاب محەممەدپوور پێشتریش لە سەرماوەزی ١٤٠١، لە بزووتنەوەی “ژینا”دا، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتیێەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار دەسبەسەر کرابوو و پاش ۳ مانگ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی دراونە پاڵییەوە لە بەر دەستدا نییە.





