دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی “ڕەحیم ڕەحمانی” و “ڕەئوف فەرۆخی” لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ئەم ناوەندە لە شاری ورمێ گوازرانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاونیوز، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤، ڕەئوف فەڕۆخی، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پیرانشار و ڕەحیم ڕەحمانی خەڵکی گوندی “زەنگیاوێ” سەر بە ئەم شارە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتدا دەسبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییەدا بە مەبەستی ترساندن چەند پەهبادیان بەسەر ماڵەکانیاندا بەکار هێناوە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵی ڕەئوف فەرۆخییان شکاندووە و هەروەها دەستیان بە سەر هێندێک لە کەلوپەلی تایبەتی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییەدا گرتووە.
شایانی باسه تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسیی ئەو هاووڵاتییانە لەبەردەستدا نییە





