چاونیوز: لاوێکی کورد کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دەسبەسەر کرابوو، تا ئێستا بێسەروشوێنە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لاوێکی کورد بە ناوی “ئاکام زەندی”، تەمەن ١٨ ساڵ، خەڵکی شاری سنە، دوای ٣٢ ڕۆژ لە دەسبەسەربوونی، هێشتا بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەکی ورد لە بارەی دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، هێزەکانی ئیتلاعات هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکی ئەو هاووڵاتییە و دوای دەسبەسەرکردنی بۆ گرتنگەی “شەهرامفەڕ” گواسترایەوە.
شایانی باسە، کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی زەندی لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەتا ئێستا سەبارەت بە چارەنووس، باری تەندروستی و تۆمەتە وەپاڵخراوەکانیان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.





