چاونیوز: هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران، دوای بەرزبوونەوەی دوایین ناڕەزایەتیی شارەکانی پارێزگای کرماشان و ئیلام، ڕوویان لە هەڕەشەکردنی چالاکانی سیاسی لەو دوو پارێزگایە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە چاونیوز گەیشتووە، عەلی تەمری، چالاکی سیاسیی خەڵکی بەدرە لە پارێزگای ئیلام، ناسراو بە “عەلی ئیلامی”، بۆ سێهەم جارە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی شاری بەدرە و هەروەها حیفزات ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ئیلام، بە تیرۆر و ڕفاندن هەڕەشەی لێ کراوە.
سەرباری ئەوەش، ئیدارەی ئیتلاعات، بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییەی بە دەسبەسەرکردن و بارمتەگرتن ترساندووە و هەوڵی داوە لە ڕێگەی ئەوەوە گوشاری زیاتر بخاتە سەریان. ئەم کردارە نموونەیەکی ئاشکرای پێشێلکردنی مافەکانی شارومەندی، مافی مرۆڤ و ئاسایشی تاکەکەسییە.
هەروەها زانیارییەکانی بەردەست باس لەوە دەکەن کە دامەزراوە ئەمنییەکان، ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لە عەلی تەمری کردووە، کە ئەگەر بەردەوام بێت لە چالاکییە سیاسییەکانی، دەکرێتە ئامانجی تیرۆر و ئەم هەڕەشە چەند جار دووپات کراوەتەوە.
چاونیوز بەرپرسایەتیی هەر جۆرە هەڕەشە و هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر ژیانی عەلی تەمری و بنەماڵەکەی ڕوو لە کۆماری ئیسلامی دەکات و داوا لە دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕاگەیاندنەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بەرامبەر ئەم هەڕەشانە هەڵوێست نیشان بدەن و بەدواداچوون بۆ پاراستتنی ئەم چالاکەی سیاسییە و بنەماڵەکەی بکەن.





