چاونیوز: هونەرمەندێکی ناسراو و خۆشناوی کورد، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی، هێشتا چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ زانیارییەکی لەبارەوە نییە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ئاژانسی هەواڵنێریی “کوردپا” بڵاوی کردووەتەوە، سەید عەلی قوڕەیشی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی خەڵکی بۆکان، کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراوە و بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی نییە.
ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و بەبێ حوکمی قەزایی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەی ئەم هونەرمەندە چەندجار سەردانی ناوەندە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتووە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی ئەم هونەرمەندە لە بەردەستدا نییە.





