چاونیوز: هاووڵاتییەکی کورد، کە بە زۆرەملێی ناچار کراوە تاوانی لەپێشدیاریکراو وەئەستۆ بگرێت، لەژێر مەترسیی لەسیدارەدانە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “جەعفەر مەحموودی”، خەڵکی شاری چوار، سەربە پارێزگای ئیلام، کە لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار دەسبەسەر کراوە، بە ئەشکەنجە و زۆرەملێ ناچار بە ئەستۆگرتنی تاوانی لەپێشدیاریکراوە کراوە و بەم بۆنەوە لە بەردەم مەترسیی سزای سێدارەدایە.
شێوازی دانپێندانانی زۆرەملێی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، کە یەکەم حاڵەت نییە، بووەتە هۆی نیگەرانیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی کوردستان و بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، داوا لە ناوەند و ڕێکخراوە نیوەدەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات، بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیە بکەن و پێش بە مەرگی بێتاوانێکی دیکە بە دەستی کۆماری ئیسلامییەوە بگرن.





