یەکێک لە چالاکانی مەدنی و بەندکراوی پێشووی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەردەم مەترسیی دیپۆرتکردنەوەدایە.
جەواد مەجیدی، تەمەن ٣٤ ساڵ، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی پێشووی خەڵکی سنە، کە بە هۆی گوشارە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ماوەی چەند هەفتەیەکە وڵاتی ئێرانی بەجێ هێشتووە، لەلایەن پۆلیسی تورکیەوە دەسبەسەر کراوە و مەترسیی دیپۆرتکردنەوە و گەڕانەوەی بۆ ئێران لە سەرە.
ئەم چالاکە مەدەنییە کە ساڵانی پێشوو بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامی گوشاری ئەمنییەتی لە سەر بوو و چەندین جار دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی شاری سنە کراوە، پاش ئەوەی کە گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆی و بنەماڵەکەی زیادی کرد ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت و بە مەبەستی نیشتەجیبوون و پەنابەریی لە وڵاتانی ئورووپایی ڕووی لە وڵاتی تورکیە کرد، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراوە و لە ئێستەدا لە کەمپی ئەو کەسانەی کە دیپۆرت دەکرێنەوە ڕاگیراوە و مەترسیی گەڕانەوە و دیپۆرتکردنەوەی لە سەرە.
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو ناوەندێکی چالاک لە بواری مافی مرۆڤەوە داوای لە سەرجەم چالاکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بۆ پێشگرتن لە دیپۆرتکردنەوەی ئەم چالاکە مەدەنییە هەوڵ بدەن و پێش بە گەڕانەوەی بۆ ئێران بگرن.





