چاونیوز: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان، مامۆستایەکی زمانی کوردی دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، لە ڕۆژانی ڕابردوو، یووسف کەلۆنکزادە، مامۆستای زمانی کوردی و وەرگێڕ، خەڵکی شاری ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە. لەسێدارەدان، دەسبەسەرکردنەکان و گوشار بۆ سەر هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگیی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابروود و لە کاتی ئاگربەسی شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیل، بووەتە جێی نیگەرانی و گومانی خەڵکی کوردستان و چالاکانی مافی مرۆڤ، کە دەزگای قەزایی و هێزەکانی حکوومەتی ئێران بە بیانووگەلێکی بێبنەما، تۆڵەی ئەو شەڕە لە خەڵکی سڤیلی کوردستان دەکەنەوە.





