چاونیوز: لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ناڕازییان لە ئێران و کوردستان، هێزەکانی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقەیان لە سەر و شوێنە هەستیارەکانی جەستەی ناڕازییان کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناسنامەی “سیروس ڕەبیعبەیگی”، ٣٣ ساڵە، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی “کارزان” سەر بە پارێزگای ئیلام، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتێکدا منداڵە بچووکەکەی لە باوەشدا بووە و خەریکی پەڕینەوە لە شەقام بووە، کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی (شاتگانـ)ـی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، لە ئاکامی ئەم تەقەکردنەدا، ئەو هاووڵاتییە بینایی هەر دوو چاوی بەتەواوەتی لەدەست داوە. سیروس ڕەبیعبەیگی کرێکارە و بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە، توانای دابینکردنی تێچووی چارەسەرییەکانی نییە و تا ئێستا هیچ پزیشکێک بەرپرسایەتیی چارەسەرکردنی چاوەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە و دۆخی چارەسەریی ناوبراو لە دۆخێکی تەواو نادیاردایە





