چاونیوز: لە چوارچێوەی بەردەوامیی گوشار و گرتنی هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند شارێکی جیاواز هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چەند هاووڵاتی و چالاکوانێک و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، دەسبەسەریان کردوون.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکانی بەردەست، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، “کەریم سەعیدی”، خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
هەروەها لە ڕێکەوتی چوارشەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، هێزەکانی ئیتلاعاتی میاندواو بە پەلاماردانی ماڵی بنەماڵەی “میلاد زەند” لاوی تەمەن ١٨ ساڵ، لە گوندی “ئیبراهیمئاوا”، سەرەڕای سووکایەتیکردن و لێدانی توندی ئەندامانی بنەماڵەکە، بەتایبەت “کامل زەند” باوکی ناوبراو، بە زۆرەملێ میلادیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی بانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “کاوە عوسمانی” تەمەن ٥٦ ساڵ و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، ناوبراو بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کراوە.
لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، لە ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی توندوتیژ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی “عوسمان فەرەجی”، چالاکوانی مەدەنیی خەڵکی گوندی “خوێجامێر”ی بانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، ناوبراویان بە زۆر بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
ئەم کردەوانەی هێزە ئەمنییەکان کە بەبێ ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ و بەبێ بوونی هیچ بڕیارێکی قەزایی ئەنجام دەدرێن، بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێی زۆر لە نێو بنەماڵەکاندا کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.





