چاونیوز: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلی نوێی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییانی کورد دەستی پێ کردووە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە، ١١ی ڕەزبەر، “خدر (شەماڵ) ڕەسووڵمروەت” کە پێشتر لەلایەن دادگای مەهاباد و بە سەرۆکایەتیی “ئەحمەد سەیامی” بە تۆمەتی “بانگەشە بەدژی حکوومەت” بە یەکساڵ حوکمی تەعزیری مەحکووم کرابوو، پاش دەسبەسەرکردنی دووبارە بەرەو بەندیخانەی مەهاباد ڕەوانە کرا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر لە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی مەهابادەوە دەسبەسەر و لە ڕێکەوتی ٢٥ی هەمان مانگ پاش لێپێچینەوە و دادگاییکردن درایە بەندیخانەی مەهاباد و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی ئازاد کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “ئیسماعیل کەریمی” خەڵکی بۆکان، بەندکراوی پێشوو، بە بیانووی بەرزبوونەوەی نرخی بارمتەکەی بانگهێشتی لقی ٢ی پێڕاگەیشتنی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بۆکان کرا و پاش خۆناساندنی بە دادگا دەسبەسەر و بەرەو بەندیخانەی بۆکان ڕەوانە کرا.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕەزبەر، “دانیال باشی” ٢٣ ساڵە، خەڵکی گوندی “گەنجە” سەربە شاری بەدرە و پارێزگای ئیلام، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بەروەو شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
شایانی باسە، ئەم لاوە کوردە، پێشتریش لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.





