ئەمجەد ساڵحزاد، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز بۆ جارێکیتر لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شۆێنیکی نادیار گوازرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ “ئەمجەد ساڵحزادە” هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێنج مانگ لەمەوبەر لە دوای تێپەڕاندنی ٤ مانگ و ۳ ڕۆژ دەسبەسەرکردن لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمجەد ساڵحزادە لە دووکانی موبایل فرۆشییەکەی خۆی لە سەقز دەسبەسەر کراوە.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات، دەسبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لە دوای ٤ مانگ و٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییه کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقز، بە سەرۆکایەتی دادوەر “مستەفایی” بە تۆمەتی “چالاکیی تەبلیغی بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران” بە ۳ مانگ بەندکران (تەعزیری) سزا درابوو.
ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١ لە دوای بانگکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەسبەرسەر کرا و دوای یەک ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





