چاونیوز: بکەرانی تیرۆری ڕۆژنامەنووس و چالاکوانێکی سیاسی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی هەرێمی کوردستان، دوای لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان، لەلایەن لقی سێی دادگای تاوانەکانی سلێمانییەوە سزا دران.
ئەم دۆسیەیە دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە لە هەوڵێکی پیلانداڕێژارودا، شۆڕش شەهباز، ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی، لەلایەن دوو کەس لە بکەرانی تیرۆرەوە کە سەر بە دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، کرایە ئامانجی تیرۆرکردن.
دوای ئەوەی ئەم کردەوە تیرۆریستییە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە بەدواداچوونی بۆ کرا و لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام درا، بەپێی بەڵگەکان، ڕۆڵی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی ئەم تیرۆرەدا پشتڕاست کرایەوە.
دوای ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و خستنەڕووی بەڵگە یاساییەکان بۆ دەسەڵاتی دادوەری، دادگای تاوانەکانی سلێمانی بە پشت بەستن بە ماددەی (١)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەسەندکراوی پەرلەمانی کوردستان)، تۆمەتبارانی بە تاوانبار ناساند.
بەپێی حوکمە دەرچووەکە، تۆمەتباری یەکەم (ف.م) بە ٦ ساڵ زیندان و تۆمەتباری دووەم (ا.ف) بە ٥ ساڵ و مانگێک زیندان سزا دراون. هەروەها دادگا جگە لە دەرکردنی حوکمی زیندان بۆ ئەم کەسانە، مافی یاسایی سکاڵاکاری بۆ داواکردنی قەرەبوو و ئەو زیانانەی بەری کەوتوون، پاراستووە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدا دەرچووە کە پێشتریش ڕاپۆرتی زۆر و بەڵگەدار سەبارەت بە بەئامانجگرتنی چالاکوانانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەرکردنی بڕیاری فەرمی لەلایەن مەرجەعێکی دادوەریی تایبەتمەندەوە لەم بارەیەوە، گرنگییەکی بەرچاوی هەیە و وەک بەڵگەیەکی یاسایی، ئاماژەیە بۆ بەردەوامی، ڕێکخراوبوون و ماهییەتی تیرۆریستیی ئەم کردەوانە.





