چاونیوز: لە درێژەی دەسبەسەرکردنە ناڕەوا و نایاسایییەکانی هاووڵاتییانی کوردستان، دوو کەس بەبێ ڕوونکردنەوە و حوکمی قەزایی دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی خەرمانان، “ئەرکان ئەحمەدی”، کوڕی باقی، خەڵکی “هەنگەژاڵە” و دانیشتووی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراوەتەوە.
شایانی باسە، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم کەسە کە خاوەن سێ منداڵە و بە زۆرەملێ و ترساندنی خێزان و منداڵەکانی دەسبەسەریان کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ماوەی ١٨ ڕۆژ پێش، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد، بە ناوی “هێمن مێهراننیا”، تەمەن ٢٠ ساڵ، لە شاری ورمێ، لەلایەن مەئموورەکانی ئاگاهیی ئەو شارە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستە بێسەروشوێنە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





