چاونیوز: ٢٠ مێرمنداڵی خەڵکی شنۆ، بە بیانووی چالاکیکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و لە بەرەبەری ساڵیادی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ژینا، هێزە ئەمنییەتییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە شاری شنۆ نزیکەی ٢٠ مێرمنداڵ لە نێوان تەمەنەکانی ١٤ ساڵ هەتا ١٧ ساڵیان، بە بیانووی چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسبەسەر کردووە و بۆ دیاریکردنی حوکمی قەزایی ڕەوانەی دادگای شاری شنۆیان کردوون.
بەپێی وتەی یەکێک لە شایەتحاڵان، ئەم مێرمنداڵانە ئەمڕۆ بۆ دیاریکردنی حوکمی قەزایی، لە نێو دادگای شنۆ بینراون و هەتا ئێستە بەتەواوەتی زانیاریی ورد لەسەر حوکمەکانیان لە بەردەستدا نییە، بەڵام هەر ئەم سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە پێدەچێت بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێن.





