لە ماوەی ١٣ ڕۆژی ڕابردوو و لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزە ئەمنییەکان شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنە سەروویاسایی و بەکۆمەڵەکانیان بە ئامانجی دروستکردنی کەشی ترس و تۆقین لەنێو کۆمەڵگەدا دەست پێ کردووە. لەم پەیوەندییەدا، “حەمیدڕەزا کەریمی”، دادستانی گشتی و شۆڕشی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە: هێزە ئەمنی و ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی، تا ئێستا ١١٥ کەسیان بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام” و “هەوڵدان دژی تەناهیی نیشتمانی” دەسبەسەر کردووە.
بە گوتەی ئەم بەرپرسە، ٥٤ کەس لە دەسبەسەرکراوان، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و پێڕاگەیشتن بە دۆخی دەسبەسەرکراوەکانی دیکە، بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی دەزگای داد و دادستانی گشتیی ئێران، خەریکە جێبەجێ دەکرێت.
کەریمی بەبێ ئاماژەدان بە وردەکاری و زانیارییەکان، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە یەکێک لە دەسبەسەرکراوان هاووڵاتیی وڵاتێکی ئەورووپایییە کە بە تۆمەتی سیخوڕی دەسبەسەر کراوە، گوتی: “بۆ ئەو دۆسیەی دادوەری کراوەتەوە.” هەروەها گوتیشی: “هەندێک لە دەسبەسەرکردنەکان پەیوەندیی بە تۆمەتی سیخوڕییەوە هەیە، بەڵام زۆرینەی دەسبەسەرکراوان بە تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام دەسبەسەر کراون.”
ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش، دەیان هاونیشتمانی بەبێ حوکمی دادوەر دەسبەسەر و لە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ئەم هەوڵەی هێزە ئەمنییەکان و دەزگای داد، بە سەرنجدان بە پێشینەی دوورودرێژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرکوتی دژبەران و پشتگوێخستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە تووشی شکستی ئەمنی، سەربازی و ئیتلاعاتی بووە، شەپۆلێک لە نیگەرانییەکانی لەنێو چالاکانی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانییان وەڕێ خستووە.





