چاونیوز: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی نایاساییی لاوانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە نیگەرانیی کۆمەڵگەی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی خەرمانان، “محەممەد ئیبراهیمنیا”، ناسراو بە “موحسێن گورگە”، خەڵکی شاری شنۆ، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، “محەممەد حەمزەزادە”، خەڵکی مەهاباد، ١٠ ڕۆژ پێش، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و هەتا ئێستە بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر باری تەندروستی و شوێنی ڕاگرتن لە بەردەستدا نییە.
دەسبەسەرکردن نایاساییی لاوانی کورد کە ڕووی لە زیادبوون کردووە، کەشێکی نائەمن و تۆقێنەری بۆ لاوان و بنەماڵەکانی کوردستان دروست کردووە و ئەم دیاردە نایاسایییە نیگەرانی بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤی کوردستان بەدی هێناوە.




