چاونیوز: دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەروا بەردەوامە.
بەپێی هەواڵێک کە بە چاونیوز گەیشتووە، کاتژمێری ٥ی بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی بانەمەڕ ، هێزە ئەمنتییەکانی کۆماری ئیسلامی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتیی بە ناوەکانی “ئیحسان خوڕەمپەنا” و “شۆڕش دوودکانلوومیلان”، خەڵکی گوندی کۆسەکەرێز، لە ناوچەی شاروێران سەربە شاری مەهاباد و بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو کەسەیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ئەم دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.





