چاونیوز: لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان داوەتە دەسبەسەرکردنی بەلێشاوی هاووڵاتییانی کوردستان.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٢ی خەزەڵوەر، هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی بۆکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سێ هاووڵاتیی لە گوندەکانی دەوروبەری شاری بۆکان، بە ناوەکانی: “ئارام وەفایی” خەڵکی گوندی عەباساوا، “فەتاح حاجیزادە”، خەڵکی گوندی گامێشگولی و دانیشتووی عەلیاوای بۆکان و “نەوید مستەفازادە” خەڵکی گوندی داشبەند و بە زۆرەملێ دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ١١ خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی شێناوی، سەربە شاری پیرانشار، بە ناوی “سادق ئەبووبەکری” خێزاندار و خاوەن دوو منداڵ، لە کاتی چوون بۆ بازاڕ دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕەوانە کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





