چاونیوز: چالاکێکی فەرهەنگیی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، شەوی چوارشەممە، ٢٧ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد لە شاری بۆکان، بە ناوی “عەلی شوکری”، تەمەن ٥٠ ساڵ و بە شێوەی زۆرەملێ دەسبەسەریان کردووە.
ئەم هاووڵاتییە کوردە کە خاوەن دووکانی ڕۆنگۆڕییە لە شەقامی “مامۆستا حەقیقیـ”ـدا و هاوکات چالاکی فەرهەنگییە، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کردووە و بەرەو ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانە کراوە. شایانی باسە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و دۆخی تەندروستیی ئەم هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.





