چاونیوز: شەپۆلی دەسبەسەرکردنی لاوانی کورد بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، کاتژمێری ٣ی بەرەبەیانیی شەممە لەسەر یەکشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، کۆمەڵێک چەکدار و پاسداری سەر بە کۆماری ئیسلامی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی “زاهید سەیدکەریمی” کوڕی سەید محەممەد، خەڵکی گوندی “بابخاڵاوێ” سەربە شاری شنۆ و بە زۆرەملێ دەسبەسەر و بەرەو شوێنێکی نادیار ڕایانگواستووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ٩ی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان، هەڵیانکوتاوەتە سەر دووکانی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی شاوانی، سەربە شاری شنۆ، بە ناوی “کۆمار ڕۆیان” ٢٢ ساڵە، کوڕی هەژار و بە زۆرەملێ لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی خەزەڵوەر، لە هەمان گونددا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “سەدرەدین ئیسماعیلزادە”، ٣٤ ساڵە، کوڕی سەعید، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە زۆرەملێ دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.
شایانی باسە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە لە بەردەستدا نییە.





