چاونیوز: هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕۆژانی ڕابردوو لە حاڵێکدا خەڵک لەژێر هەڕەشەی شەڕدان، لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان هەر بەردەوامن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتژمێری ٢ی نیوەشەوی دووشەممە، ١٠ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەڵیانکوتاوەتە سەر مالێ دوو هاووڵاتیی کوردستان، بە ناوەکانی “وەیسە محەممەدپوور”، کوڕی ئەحمەدی حاجی عەبدوڵڵا و “ئاکام ئەبووبەکری”، کوڕی ڕەسووڵی سۆفی فەتاح، دانیشتووی گوندی شێناوێ، سەربە شاری پیرانشار و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و حوکمی دادگا بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستوون.
شایانی باسە، هەتا کاتی ناردن و بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگرتن و باری تەندروستیی ئەم هاووڵاتییانە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.





