بە دەرکەوتنی شوناسی ٦ هاونیشتمانیی دیکەی خەڵکی مەهاباد، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە ١٥ کەس.
چاونیوز: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە شەپۆلێکی دیکە لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و سەروویاسایی، لانیکەم ١٥ هاونیشتمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە مەهاباد، دەسبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”؛ لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردان هەتا ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕ، لانیکەم ٦ هاونیشتمانی بە ناوەکانی “مستەفا تەنهایی” خەڵکی گوندی “حەمزە ئاوا”، “خەبات کاردانی” خەڵکی گوندی “گاگەش”، “ڕامتین ئەمینی”، “سەعدوون غەزاڵی”، “خالید بەکری” و “محەممەد بەکری”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
ئەم هاونیشتمانییانە بەبێ حوکمی دادوەر و لە ماڵی خۆیاندا دەسبەسەر کراون و دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان، زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەوان لەبەر دەستدا نییە.
پێشتریش، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ٩ هاونیشتمانی بە ناوەکانی “سۆران سەفەری، شاهۆ مەحموودی، نوورەدین دوودکانلوو، ئومید ڕەش، کەیوان مامەگۆلی، ئەسعەد ڕەسووڵزادە، پووریا نەسیری، مێهران خەدیریپوور و سرووش یووسفزادە”، دەسبەسەر کرابوون.
دوای هێرشەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سەربازی و سایتە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شکستی قورسی سەربازی- ئیتلاعاتی، شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردنە سەروویاسایییەکان لە زۆرینەی شارەکانی کوردستان دەستی پێ کردووە. لەم نێوەندەدا، بەرپرسانی ئەمنی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی، تۆمەتی ئەمنییەتییان خستووەتە پاڵ دەسبەسەرکراوان. ئەم هەوڵە، بە سەرنجدان بە پێشینەی دوورودرێژی کۆماری ئیسلامی لە سەرکوتی دژبەران و پشتگوێخستنی مافەکانی مرۆڤ، شەپۆلێک لە نیگەرانیی لەنێو چالاکانی مافی مرۆڤ و هاونیشتمانییاندا وەڕێ خستووە.





