“زەیتوون کەهزادی” بەڕێوبەری قوتابخانەی فێردۆسی سەرەتایی کچان و “مێهری خوسرەویزادە” جێگری بەرپرسی پەروەردەیی ئەم قوتابخانە لە شاری جوانڕۆ دوای پێشکەشکردنی سروودی کوردی قوتابیان، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا و لە پۆستەکانیان دوور خرانەوە و بە تۆمەتی “پروپاگەندە بەدژی ڕێژیم” لە لایەن لقی یەکی دادگای گشتی شاری جوانڕۆ دادگایی کران.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ئەوەی خوێندکارانی ئەم قوتابخانەیە سروودێکی کوردیان پیشکەش کرد “مێهری خوسرەویزادە” و “زەیتوون کەهزادی” لە لایەن لقی یەکی دادگای گشتی ئەم شارە بە تۆمەتی “پروپاگەندە بە دژی ڕێژیم” تۆمەتبار کران.
زەیتوون کەهزادی لە پۆستی بەڕێوبەر دوور خرایەوە و ئێستا وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانە کار دەکات. هەروەها مانگانە چوار میلیۆن تمەن لە مووچەکەی کەم دەکرێتەوە.
هەروەها مێهری خوسرەویزادە، وەک جێگری بەڕێوبەری پەروەردە و بەڕێوبەری ئەو بەرنامانە، لە مافی پلە بەرزکرنەوە یان بەرپرسایەتی ئیداری لە سیستمی پەروەردە دا بێبەش کراوە و تەنیا ڕێگەی پێدراوە کە وانە بڵێتەوە.
خوێندنەوەی سروودی کوردی لە لایەن قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتایی فێردۆسی، لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە سروودی “بە تەنیا جێم مەهێڵن” و “ڕێی خەبات” لەگەڵ کاردانەوەی ئەمنی توند و گوشار لەسەر بەڕێوبەر و جێگری بەڕێوبەری ئەم قوتابخانەیە لە لایەن دام و دەزگا حکومیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڕەوڕوو بوو.





