سەیران شاولە هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لەو شارە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ۷ی خەزەڵوەری ۱٤۰٤، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرش دەکەنە سەر ماڵی هاووڵاتی سەیران شاولە لە مەهاباد و بەبێ پێبوونی حوکمی دادوەر ناوبراو دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕادەگوازن.
دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە هاوژینی ناوبراو “جەلال سەدەفی” لە ڕۆژی ۲٥ی سەرماوەزی ۱٤۰۳، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکرا و تاکوو ئێستا لە بەندیخانەیەی شاری مەهاباد، بێ هیچ حوکم و لێکۆڵینەوەیەک هەروا لە زیندان دایە و چارەنووسی ناڕوونە.
پێشتر لە ڕۆژی ۱٦ی ڕێبەندانی ۱٤۰۳، هەر ئەو هاووڵاتییە، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگ کراوە و بۆ ماوەی چەن کاتژمێرێک لە ژێر لێکۆڵینەوەی چڕدا بووە.





