چاونیوز: سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شاری مەهاباد دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی گازی ژاراوی.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، (چوارشەممە، ٩ی بانەمەڕی ١٤٠٥)، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، لە شاری مەهاباد، دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی جۆرێک گازی ژاراوی و بۆنێکی ناخۆش لەو شارە بڵاو بووەتەوە و هەناسەکێشانی خەڵکی شارەکەی تووشی کێشە کردووە.
شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن، پاش بڵاوبوونەوەی ئەم بۆنە ناخۆشە، بەشێکی زۆری خەڵکی تووشی سەرگێژە و سڕبوون هاتوون و بە سەختی هەناسە دەکێشن.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، یەکەم جار نییە کە دەست بۆ ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە دەبات، پێشتریش لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژینا، بەم جۆرە گازانە کە دەگوترێت لە تاقیگەکانی ئەرتەشی چین ساز دەکرێن، قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی دیکەی ئێرانی ژاراوی دەکرد و قوتابییەکانی تووشی گرفتی هەناسەکێشان، سەرگێژە و سڕبوون دەکرد.
ئەم کردەوانەی سپای پاسداران بە نسیبەت خەڵکی کوردستان کە نیگەرانیی جیددی لێ کەوتووەتەوە، بە جینایەت و کۆمەڵکوژی لە قەڵەم دەدرێت و هەڵوێستی ناوەندەکانی مافی و مرۆڤ و ڕێکخراوە جیهانییەکانی پێویستە و چاونیوز داوا لە هەموو ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بە نیسبەت ئەم کردەوەی دژە مرۆییەی سپای پاسداران بێدەنگ نەبن.





