خدر ڕەسووڵی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵكی مەهاباد، پاش نزیکەی ۳ مانگ ڕاگیران لە گرتووخانەکانی ورمێ و مەهاباد، بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، “خدر ڕەسووڵی” هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری مەهاباد کە نزیکەی ۳ مانگە لەگەڵ کچەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە دەسبەسەر کرابوون، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی، تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەگەڵ کچەکەی بەناوی “کلارا ڕەسووڵی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە لە ماڵەکەی خۆیان بەشێوەی دڕەندانە دەسبەسەر کران و کلارا ماوەیەک لەمەوبەر بەدانانی بارمتەی پێنج ملیاردتمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو و ئەمڕۆش خدر ڕەسووڵی باوکی بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.





